٭هەڤاڵ بافڵ: ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەوەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.
٭ سەرۆک بافڵ: گفتوگۆ بنەمای چارسەركردنی كێشەكان
بێت.
٭ مەزڵوم کۆبانێ: پشتیوانیی و هاوكاریی بەردەوامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناکەین
رۆژی سێ شەممە ٢٠ کانوونی یەکەم ٢٠٢٢ هەڤاڵ بافڵ سەرۆک مام جەلال، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، فهرماندهی گشتیی هێزهكانی سوریای دیموكرات "ههسهده"، لەرۆژئاوای كوردستان بەئامادەبوونی هەڤاڵ وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر کۆبوونەوە.
مەزڵوم كۆبانێ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ رۆژئاوا دەربڕی و وتی: رۆژئاوا پشتیوانیی و هاوكاریی بەردەوامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناکات و بەرێزو بایەخەوە هەڵیدەسەنگێنێت. چونکە یەکێتی بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆو دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر، وتیشی: هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانمانە.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و پەیوەندییەکانیشمان بەئاراستەی هاوکاریی و هەماهەنگیی لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوشکرد کە "یەكێتی خۆی بەخزمەتكاری تێکڕای کۆمەڵانی خەڵکی كورد دەزانێت، روونیشیکردەوە، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی رۆژئاوا پاراستنی ماف، کلتوور و زمانی کوردییە لە ناوچەكە و بۆ ئەوەش بەشانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكەی یەكێتیش لەپێناو یەكبوونی خەڵکی كورد و یەك وتاریمانە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان.
وتیشی، دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەوەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.
راگەیاندنی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوەی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان