بۆ میدیا رەسمی و سێبەرەکان و هاوئاوازەکانی

بۆ میدیا رەسمی و سێبەرەکان و  هاوئاوازەکانی


هەروەک پێشبینی دەکرا، سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا پێنجەم کۆنگرەی ببەستێت، بڕیارێکی هەستیارو گرنگ و چارەنووسسازی وەک بەستنی کۆنگرە لەم قۆناغە هەستیارو ناسکەدا کە خودی یەکێتی و هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، جێگەی گرنگی و بایەخی یارو نەیارە، چونکە مەعلومە، یەکێتی بناغەداڕێژەری سیستمی دیموکراسیی و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستانە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لەباشوورو رۆژهەڵات و باکوورو رۆژئاوای کوردستان، باشترین نموونەش ئەوەیە، هیچ پارچەیەکی کوردستان نییە یەکێتی خوێنی رۆڵە تێکۆشەرو پێشمەرگە قارەمانەکانی خۆی پێنەبەخشیبێت و داکۆکی لەمافەکانیان نەکردبێت..ئەو گیانبازیی و قوربانیدانەیە کەنەیارەکانی تووشی شۆککردووە، چونکە ئەوان نەک خاوەنی وەها سەروەرییەک نین، بەڵکو هێزەکانیان هەر رۆژەی پێشڕەو چاوساغی داگیرکارێکی کوردستان بوون، بۆ رێگری لەگەیاندن و کۆمەک و هاوکارییەکان خەندەقیان هەڵدەکەند و دواین ئەرکیشیان ئەوەیە دوای ئەوەی سەرسەختانە سوار سەری خۆیان بوون، ئەمێستاکە بوون بە عەدەد رەسەدی ئامانجەکانی شاخستانییەکان، هاووڵاتی مەدەنی دەچێت بەدوای کچەکەیدا کە لەخوێندن گەڕاوەتەوە، ئەوان وەک ئامانج بۆ درۆنەکانی ئاشکرا دەکەن و دوایش دەڵێن، تێکۆشەرانی باکوور بوون، کاتێکیش مەرامەکەیان ئاشکرابوو، بەداوای لێبوردنێکیش برینی جەستەی کەسوکاری قوربانییەکان ساڕێژ ناکەن، "بۆبەدبەختی خەڵکی کوردستان لەکینەو بوغزی دڵی نەیارەکانیان پەیتاپەیتا پیلانی لەدژ دادەڕێژرێت، کەچی یەکێتی سەوزتردەچێتەوەو هەردەم ئامادەیە لەهەر پارچەیەکی کوردستان بێت، داکۆکی و بەرگریی لەخەڵک و خاکی پیرۆزی کردستان بکات"، کە دیسان قوربانیی ئەو پیلانانە کوڕە قارەمان و تێکۆشەرەکانی یەکێتیە کە بەخوێنی گەشیان رێگەی رزگاریی و سەرفرازیی داهاتووی کوردستان و ئەزموونەکەی رۆشن دەکەن

لەسەروبەندی بەستنی کۆنگرەدا لەپرۆسەیەکی دیموکراسی دا، مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە هەروەک مەکتەبەکانی دیکەی یەکێتی، لەکۆی نۆ ئەندام، چوار هەڤاڵ دەنگی پێویستیان هێناوەو لەکۆنگرەدا نوێنەرایەتی هەموو ناوەندەکانی مەکتەب لەدەرەوەی وڵات دەکەن، لەناخی دڵەوە پیرۆزباییان لێدەکەین و پشتیوانیی و پشتگیرییان دەکەین و ، ئەوان چاو و دەنگی ئێمەن لەکۆنگرەدا، کاروانی بەرجەستەکردنی مافەکان و پەیڕەوکردنی  دیموکراسیی هەر بەردەوام دەبێت، ئەوەی نەیارەکانمان سەبارەت بەو پرۆسەیە بڵاویانکردۆتەوە سەرلەبەری نەک رەتدەکەیەوە، بەڵکو بەبەڵگەوە بەدرۆی دەخەینەوە، کەدەبینن لەهیچ کاتێک لەقۆناغەکانی خەباتدا نەیانتوانیوەو ناتوانن و تائەبەدیش ناتوانن وەک یەکێتی مێژوویان تێکۆشان و قوربانیدان بێت، ئەوا وەک پیشەی هەمیشەییان دەگەڕێنەوە بۆبوختان درۆ هەڵبەستن "عادة حليمة الى طبيعة قديمة"،  ئەگەر قۆناغ و بارودۆخی ئێستای بەر لەکۆنگرە هێندە ناسک و هەستیار نەبوایە، ئەو میدیا چەواشەکارانە شایستەی ئەوەنین کە وەڵامیان بدرێتەوە، چونکە لەمێژە مام وتەنی: وەڕینە بەمانگەشەو...  بەڵام ئەوەی زیاتر برینمان ئەکولێنێتەوە، چەواشەکاریی ئەوانەن کەرۆژانێک بوو لەنێو یەکێتیدا خەبات و تێکۆشانیان کردووە، ئێمەسەرباری جیاوازییەکان و سەرباری  ئەوەی کەبەهەڵەکانی خۆیان خۆیان خستە داوەوە، بەڵام هەر بەخوشک و براو هەڤاڵی خۆمانیان دەزانین


ئێستا یەکێتی لەرێڕەوی خۆیدا بۆ نوێبوونەوەو بەردەوام خوێنێکی نوێ بەجەستەیدا دێت و دەچێت، رێگەی ی.ن.ک بریتیە لەخزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ، بەئاشتی پێکەوەژیانی هەمووان،  سەقامگیریی و ئارامیی هەرێم و ناوچەکە، پاراستنی یەکێتی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان

 لای هەڤاڵانی یەکێتی حزب وکەسەکانیش لەهەر پلەو پۆستێکدا بن ئامڕازن بۆ بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، مام جەلال وتەنی "کەسمان لێ زیادنییە، لەسەر کەسیش پەکمان نەکەوتووە"، ئاساییە ئەگەر لەپرۆسەی دەنگدان و دیموکراسیدا هەڤاڵانێک کە دەرناچن، ئیتر ئەوە کۆتایی دنیا نییە، بەڵکو سەرلەنوێ بۆ خەبات و تێکۆشان و خزمەتی یەکێتی تێهەڵدەچنەوە، هەرکەس و هەڤاڵێک وانەبوو، وای نەکرد، بێگومان پێبزانێت یان نا، ئەوا ئاو دەکاتە ئاشی نەیارەکانی یەکێتییەوە

تێکڕای هەڤاڵە سەرڕاست و دڵسۆزەکانی یەکێتی دەزانن، لێپرسراوێتی لەنێو یەکێتیدا، لەهەر ئۆرگانێکدا بێت،  لەسەر بەخشینی خوێنی گەشی شەهیدە قارەمانەکانی و تێکۆشەرە خۆڕاگرەکانی نێو زیندانەکانی رژێمی بەعس و شۆڕەسواران و سەرقافڵەچییەکانی کەم ژیان و  کەڵ ژیان و کەسوکاری سەربەرزو خۆڕاگریان وپشوودرێژیی ئەندام و دۆست و لایەنگرەکانیان بنیاتنراوە، هەر بۆیە لەئێستاوە ئاسۆی سەرکەوتنی پێنجەم کۆنگرەی یەکێتی لەو دیو کەلی خۆزگەو ئاواتەکانی سەرۆک مام جەلال و تێکڕای شەهیدو هەموو ئەوانەیە کە پەرۆشو  دڵسۆزی ئایندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن





سۆران عەلی ئەحمەد
ل. راگەیاندنی مەکتەبی
 ناوەندەکانی دەرەوەی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٦ ئەیلول

26.09.2023

زانیاری وورد

سەرچاوە
ڕاگەیاندنی مەکتەبی ناوەندەکانی دەرەوە
پۆستکراوە لە لایەن
ئەدمین

زانیاری وورد